ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان ڕایانگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە سووریە یاسایی نییە و بەشداریی ئەو هەڵبژاردنانە ناکەن و بە ڕەوای نابینن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان، هەریەک لە بەیاننامەیەکی جیادا داوایان لە خەڵکی سووریە لە نێوخۆ و دەرەوەی سووریە کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی سووریە نەکەن و داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە فەرمیی نەناسێ.
جێگای ئاماژەیە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە سووریە ٩ ڕۆژی دیکە دەسپێدەکا و بۆ ئەو پۆستە، بەشارئەسەد، “عەبدوڵا سلووم عەبدوڵا” و “مەحموود ئەحمەد مارعی” خۆیان بەربژێر کردووە.