لە کاتێکدا کە وڵاتان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە نێونەتەوەییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل وفەلەستین بهێنن، خەڵکی فەلەستین نیگەرانن لەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەوڵدەدا بەربەست سازبکا لە بەردەم گەیشتن بە ئاگربەست.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” جێروزالێم پۆست” کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوکراوەتەوە هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نایهەوێت ئاگربەست لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا بەئاکام بگا و بەردەوام خەریکی بەربەست سازکردنە لەسەر ڕێگای ئاشتی نێوان فەلەستین وئیسرائیل.
ئەم ڕۆژنامەیە لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا نووسیویە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ” ئیسماییل قائانی” فەرماندەی سپای قودسی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامیدا ڕایگەیاندووە کە ئێران ئامادەیە هەمووجۆرە پشتیوانییەکتان لێبکا و ئەم قسانەی قائانی گرووپی حەماسی هانداوە بۆ زیاتر مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل بەم ڕۆژنامەیانە ڕاگەیاندووە کە ئێران خەریکی بەربەست سازکردنە لە سەر رێگای گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان فەلەستین وئیسرائیلدا و ئەم هەوڵانەی ئێران بە تەواوی خەڵکی فەلەستینیان نیگەران کردووە.