سپای تێرۆریستیی پاسداران بە مەبەستی چاوەدێری خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندی زێڕان لە ناوچەی کڵاشی سەر بە شاری جوانڕۆ، لە هەوڵی دانانی پێنجەمین مۆڵگەی سەربازیی لە کوێستانەکانی دەوروبەری ئەو گوندە دایە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە درێژەی سیاسەتی میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی حەوتوویەکە کە سپای پاسدارانی ڕێژیم خەریکی دروستکردنی پێنجەمین مۆڵگەی سەربازیی لە کوێستانی هەردە لە دەوروبەری گوندی زێڕان سەر بە شاری جوانڕۆیە. شایانی باسە کە سپای پاسداران بۆ ئەو مەبەستە دژەگەلییە، بە لێدانی جاددە بۆ ئەو مۆڵگانەی جاش و پاسدارەکان، ژینگەی کویستانی هەردە لە دەوروبەری گوندی زێڕانیشی شێواندووە و خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.