لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەحەممەد جەواد زەریف، لە هەوڵێکی چاوەڕواننەکراودا هەواڵی کردنەوەی کۆنسولخانەی ئێرانی لە حەلەب پشتڕاست کردەوە.
نیکۆلاس هێراس، شڕۆڤەکار و کارناسی باڵای ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییە ستراتێژیکەکانی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا وتی: ئێران ستراتێژی خوی بۆ ئەوەی کە وڵاتی سووریە بکا بە ژێردەستەی خۆی و سیاسەتەکانی تاران لە سووریەدا جێبەجێ بکا ناشارێتەوە و هەوڵدەدا سووریە بکا بە بنکەیەکی سەربازیی بۆ هێزەکانی سپای پاسداران و کەڵک وەرگرتن لە سووریە بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل.
کارناسی ئەمریکایی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: کردنەوەی کۆنسولخانەی ئێران لە حەلەب، بەشێکی تایبەت لە سیاسەتەکانی تارانە بۆ پێوەندیگرتن بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستە تایبەتەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا بەڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی “جۆبایدێن” وتی: دەوڵەتی جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا نایهەوێت کە دژایەتیی هەبوونی ئێران لە سووریە ببێتە ڕێگر لە بەردەم ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێراندا.
جێگای ئاماژەیە کە محەممەد جەواد زەریف ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هەواڵی کردنەوەی کۆنسولخانەی ئێرانی لە حەلەب بەمەبەستی بەرفراوانکردنی هاوکارییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و سووریەی پشتڕاست کردەوە.