دایە گوڵخاتر کاکالە (ئەمانی)، دایکی کادری لەمێژینەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یای خەج مەعزووری، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ کۆچیدوایی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ـی بانەمەڕ، دایە گوڵخاتر کاکالە، دایکی یای “خەج مەعزووری” کادری لەمێژینە و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکی سەخت دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
دایە گوڵخاتر لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ لەدایک بوو. هەستی نیشتمانپەروەری لە بنەماڵەی دایە گوڵخاتردا وایکرد کە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە هەمیشە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕیزی پێشەوەدا بن. برایەکی دایە گوڵخاتر بە ناوی شەهید عەلی ئەمانی ساڵی ١٣٦٣ـی هەتاوی لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا گیانی پیرۆزی پێشکەش بە نیشتمان کرد. هاوکات هەستی شۆڕشگێریی ئەو ژنە تێکۆشەرە لە دڵی منداڵەکانیشیدا چەکەرەی کرد و بووە هۆی ئەوەیکە یای خەج مەعزووری وێڕای دوو برای بەناوەکانی کاک محیەدین و کاک ڕەحمان مەعزووری ڕوو لە سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشان لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەن.
یای خەج ماوەی چەندین دەیەیە وەک پێشمەرگە و وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزب بێوچان و ماندوویینەناسانە لە هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ گەل و نیشتمانەکەی بەردەوامە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی دایە گوڵخاتر و خزم و کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی قارەمانپەروەری شنۆ، بە تایبەت هاوڕێیان یای خەج، کاک ڕەحمان و کاک محیەدین مەعزووری دەکەین و خۆمان بە شەریکە خەم و بەشداری ماتەمیان دەزانین.