وەرزێڕێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بەناوی “کەریم مووساهەشتییانی” خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆست، لە کاتی کارکردن بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەستدا.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابروودا، کەریم مووساهەشتییانی، خەڵکی گوندی “جلقەران”ـی سەربە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، بەهۆی ڕووداوی کاری کشتووکاڵییەوە لە کاتی سەمپاشیی بەرهەمدا، بریندار بووە و پاش گواستنەوەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست داوە.
جێگای ئاماژەیە کە خەڵکی گوندەکانی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەراوێز خراون و لەباری کەرەستەی خۆپارێزی لە ڕووداوەکانی کارەوە هیچ گرینگییەکیان پێنادرێ و ناوەندی دەرمانی و نەخۆشخانەش لەو ناوچەیەوە وەکوو پێویست نییە، هەربۆیە لە هەر ڕووداوێکی لەو چەشنەدا دەبێ بریندار بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ بگوازنەوە.