واشنگتۆن پۆست بەئاماژە بە نێوەرۆکی کتێبێک لە ژێر ناوی ” گەڕانی مەترسیداری ئێران بۆ چەکە ناوکییەکان” کە بڕیار وایە لە حەوتووی داهاتوودا بڵاو بێتەوە نووسی: ڕێژیمی ئێران ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیی دەیهەویست بەشە سەرەکییەکانی بۆمبێکی ناوکیی تاقی بکاتەوە.
لەو کتێبە کە بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی کە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیی لە ئێران دزرابوون دەڵێ: زانایانی ناوکیی ئێران لە ئەگەری بڕیاری بەرپرسان دەیانتوانی ئەو کات بۆمبی ناوکیی دروست بکەن.
نووسەرانی ئەو کتێبە دەیوید ئالبێرت، بەرپرسی دامەزراوەی زانیاری و ئاسایشی نێونەتەوەیی و سارا برێکهارد، یەکێک لە توێژەرانی ئەو دامەزراوەیە بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی کە ساڵی٢٠١٨ی زایینیی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئیسرائیل لە کۆگایەکی چەکوچۆڵ لە تاران دزرابوو و هەڵگری سەدان وێنە و بەڵگەیە ئەو کتێبەیان چاپکردووە.
ئەو کتێبە هۆکاری پێشکەوتنی “بەرنامەی چەکی ناوکیی”ی، ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرپەرشتیی کردنی موحسێن فەخریزادە، لە ئەندامانی پێشووی سپای پاسداران و ئەوی بە ڕێبەری بێڕەکەبەری ئەو بەرنامەیە ناوبردوە، لەو کتێبەدا نووسراوە کە کوژرانی فەخریزادە زەبرێکی قوورسی لە بەرنامەی ناوکیی ئێران وەشاند و نەبوونی ناوبراو خەسارێکی زۆر بە بەرەوپێش بردن، سازکردن و تاقیکردنەوەی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەگەیەنێ.