بەردەوامیی هێرشی سەلەفییەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەلەفییەکان لە شارەکانی کوردستان هێرشیان کردۆتە سەر شارەکانی سەقز و مەریوان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا گەنجێک لە شاری سەقز کوژرا.
شەوی هەینی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپێکی سەلەفی لە شاری سەقز بە بیانووی خواردنەوەی مەشرووب، بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردە سەر چەند کەسێک و بە سەختی برینداریان کردوون و گەنجێکیش بە دەستی ئەو سەلەفیانە کوژراوە.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو گرووپە سەلەفییانە لە شاری مەریوانیش بە چەقۆ و قەمە و کڵاشینکۆف هێرشیان کردبووە سەر گەڕەکی دارسەیران لەو شارە و خەڵکی ئەو گەڕەکە بەرەنگاریان بوونەوە.
سەلەفییەکان لە کوردستان بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران، هێرش دەکەنە سەر خەڵک و دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمیش لەو ڕێگایەوە دەیانهەوێ یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان لە نێو بەرن.