ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بۆ وڵامدانەوەی ئەو ٢هەزار مووشەکە کە لەلایەن گرووپی تێرۆریستیی حەماسەوە ڕەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل کراوە، چەندین ناوەندی زانیاریی و شوێنی سەربازیی هێزەکانی حەماس لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا پاش ٦ ڕۆژ بومبارانکردنی غەززە ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی مەیدانیمان بەدژی ئامانجە ستراتیژیکییەکانی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەدەستهێناوە و حەماس دەبێ باجی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بدا.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەیان بە خەستیی بۆمباران کرد.
جێگای ئاماژەیە لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا و لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپی تێرۆریستی حەماس بێجگە لەو ١٠٠ هێرشە ئاسمانییەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لە یەک کاتژمێردا کراوەتە سەر غەززە، ١٣٩ کەس کوژراون و نزیک بە ١٠٠٠ کەسیش برینداربوون.
هەرلەم پێوەندییەدا ئاڤیۆ کۆخاوی، بەرپرسی ئەرتەشی ئیسرائیل وتی: حەماس بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورەی کردووە و ئەرتەشی ئیسرائیل هەروا بە ئاسانی لەو گرووپە تێرۆریستییە خۆش نابێ.