وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەسەرداوای فەرماندەی سێنتکام، هێزێکی زۆری سەربازیی وەکوو هوشداری جیددی دەوڵەتی بایدێن بە تاران ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، هەناردنی هێزی سەربازیی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی وڵامدانەوەی هەرجۆرە هێرشێکی میلیشیاکانی سپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ئەمریکا هێزێکی زۆری ئاسمانیی خوی هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تا ئێستا ٦ فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بوئینگ بی ٥٢ ی هێناوەتە کەنداوی فارس.
جێگای ئاماژەیە کە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا چەندین فڕۆکەی شەڕکەری “ئێف ١٨”ی کە توانای دوورکەوتنەی ٣هەزار کیلۆمیتریان لەو پایەگایەوە هەیە کە لێی هەڵدەستنەوە بەڵام فڕۆکەی “بۆمبهاوێژی بی،٥٢، لە هەر شوێنێکی جیهان بێ دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و جیاواز لەو فڕۆکەشەڕکەرانە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری بە ناوی” ئایزێنهاوێر” هێناوەتە دەریای عەرەب بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، هێنانی ئەو هێزە زۆرە سەربازییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر داواکاریی فەرماندەی سێنتکام و بۆ پێدانی هوشداری جیددی بە ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و بەرپەرچدانەوەی هەرجۆرە هێرشێکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەنییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدایە.