هاشم خاستار لە نامەیەکدا لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەدەوە ڕووبە خەڵکی ئێران دەڵێ: کەس نابێ دەنگ بدا بە بەربژێرە خۆفرۆشەکانی سەرۆککۆماریی و شۆرای شارەکان و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆماری ئیسلامیدا.
هاشم خاستار، یەکێک لەو کەسانەیە کە بەیاننامەیەکی ١٤کەسییان بۆ دەسلەکارکێشانەوەی خامنەیی واژۆ کردبوو، لەنامەیەکدا لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد، وێڕای بە خۆفرۆش ناساندنی بەربژێرەکان بۆ سەرۆککۆماریی و شۆرای شارەکان و مەجلیسی ئێران، ڕووبە خەڵکی ئێران وتی: قسەی یەکەم لە کۆماری ئیسلامیدا، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافی هەموو تاکێکە و تەواوی باڵەکانی حکوومەت کە هەریەکە و لەژێر کۆنترۆڵی بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیمدان، لەماوەی ئەو ٤٢ساڵەدا نیشانیان داوە کە بیر لە بەرژەوەندی وڵات ناکەنەوە، هەرکەسێک لە هەڵبژاردنی ئەو حکوومەتەدا بەشداری بکا، بە دڵنیاییەوە خەیانەت بە خەڵکی ئێران دەکا.
لە بەشێکی دیکە لە نامەکەیدا خاستار دەڵێ: کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی ٤٢ساڵ تەمەنی پڕ لە کردەوەی تێکدەرانەو و تێرۆریستییانە، قەت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ئێران و چاکسازیی لەو وڵاتەدا کاری نەکردووە، ڕێژیمی ئێران تەنیا لە پێناو مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و هیچ گرینگییەکی بە بەهای مرۆڤایەتی لە ئێران نەداوە، تەواوی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەی خەرجی ئاژاوە نانەوە و خوێنڕشتن کردووە.