سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی غەززە، ڕایانگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس ١١٩کەس کوژراون و ٩٥٠کەسیش بریندارن.
ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢٤ بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٦٠ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر غەززە و بە ٤٥٠ مووشەک ١٥٠ شوێن و مۆڵگەی گرووپی تێرۆریستیی حەماسیان کردوەتە ئامانج و زیاتر لە ١٣٢کەس کوژراون و ٩٥٠کەسیش بریندارن.
لەبەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە لەو هێرشانەدا زەبرێکی قورسمان لە تونێلە شاراوەکانی حەماس و بەرژەوەندییە ژێرزەوینییەکانیان داوە، بە جۆرێک کە چەندین کیلۆمتر تونێلی ژێر زەوینیی حەماسمان لە باکووری کەرتی غەززە کردۆتە ئامانج و ڕێبەرێکی باڵای بزوتنەوەی جیهاد کە بەرپرسی سیستمی ڕەوانەکردنی مووشەکی دژە تانک بووە لەم هێرشانەدا کوژراوە.
هەرلەم پێوەندییەدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نەتانیاهوو وتی: زیاتر لە ١٠٠٠شوێن ومۆڵگەی سەربازیی گرووپی تێرۆریستی حەماسمان لە غەززە کردوەتە ئامانج و ئەم هێرشانە تا ئەو کاتەی ئەمنییەت و ئاسایش دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێ.