ڕێبەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، بە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە ئێران، گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە وتی: جۆبایدێن نابێ بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی باج بە ئێران بدا.
سێناتورمیچ مەککانێل، ڕێبەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئێران چالاکترین وڵاتی جیهانە لە بواری پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم و ئەو مووشەکانەی کە ئاراستە ئیسرائیل دەکرێن، جێگا پنجەی ڕێژیمی ئێرانی پێوە دیارە و هەروەها لە ڕێگەی میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە بەر زۆر هۆکاری دیکە جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا نابێ بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی باج بە ئێران بدا.
هەر لەم پێوەندییەدا سێناتۆر مایک گالاگێر، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی مووشەکبارانی ئیسرائیل لە لایەن هێزە تێرۆریستەکانە حەماسەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئەم وێنەیە وەبیری ئێمەی دێنێتەوە کە ئەمریکا دەبێ بە هەموو هێز و توانایەوە پاڵپشتی لە ئیسرائیل بکا، لە کاتێکدا گرووپێکی تێرۆریستیی بەناوی حەماس و ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا هەوڵ دەدەن نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێو ببەن.
هەرلەم پێوەندییەدا و چەند ڕۆژ پێشتر ٤٤ سێناتۆری کۆماریخواز لە نامەیەکدا بۆ جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا داوایان کردووە کە بەهۆی پشتیوانیکردنی ماڵیی و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە گرووپی تێرۆریستی حەماس، دەبێ وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕابوەستێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” واشینگتۆن فێری بیکن” سێناتۆرە کۆماریخوازەکان لە نامەکەی خویاندا بە ئاماژە بە تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین و هێرشی مووشەکیی گرووپی تێرۆریستی حەماس کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن نووسیوویانە: خەڵکی مەدەنیی و زۆربەی شارەکانی ئیسرائیل وەکوو قودس هێرشیان کراوەتە سەر و سەرۆک کۆماری ئەمریکا جۆبایدێن نابێ بە درێژە پێدان بە وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لەگەڵ گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا باج بەو ڕێژیمە بدا.