هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری ڕێژیم لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد مورادی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر “جەواد غوڵامی” بەتۆمەتی شەڕی چەکداری لە رێگەی ئەندامیەتیی لە حیزبێکی دژبەری ڕێژیم، سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی “ورمێ”ی بە سەردا سەپا.
محەممەد مورادی، خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە دوای شەش مانگ پێشمەرگایەتیی لە حیزبێکی کوردستانی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و خوی ڕادەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کردووەتەوە.
هەرچەند محەممەد خۆی تەسلیم کردوەتەوە، بەڵام سپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوە بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەممەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەسبەسەر کراوە.
محەممەد مورادی دوای دەسبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.