جەعفەر خاتەمی، دۆستی بەوەفای حیزبی دێموکرات و ئەویندارێکی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە ڵێدان کەوت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲۳ی بانەمەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، دڵی پڕ لە ئاواتی جەعفەر خاتەمی ناسراو بە “تاتە”، لە شاری مەهاباد لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک جەعفەر خاتەمی لە دایکبووی ساڵی ۱۳۲۳ی هەتاوی، کوڕە گەورەی میرزا مستەفا خاتەمی، بەرپرسی شۆرای گەڕەکی ڕزگەیان لە دەورانی کۆماری کوردستاندا بوو.
نەمر “تاتە” لە هەرەتی لاوییەتی هەستی بە چەوسانەوەی نەتەوەکەی کرد و لە سەردەمی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی یەکێک لە هەڵسووڕاوانی چالاکی بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو و لە دەورانی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ڕێگای جیاوازەوە یارمەتیدەر و پاڵپشتی حیزب و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی و خەمخۆرێکی بەردەوامی هەژاران بوو و بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە ڕزگاری و ئازادی نەتەوەکەی ببینێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک جەعفەر خاتەمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و خەڵکی شاری مەهاباد دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.