جەمیلە کاکایی ناسراو بە دادە جەمین، دایکی شەهید سەید عەبدوڵا فەیازی بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە لە ناوچەی هەوشار کۆچیدوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە جەمیلە کاکایی خەڵکی گوندی قۆزڵووی ناوچەی هەوشار، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
جێی ئاماژەیە کە دایە جەمیلە لەنێو خەڵکی ناوچەی هەوشار هەردەم وەکوو هێمای وەفاداری، سەداقەت و نیشتمانپەروەری سەیر کراوە و سەرەڕای کۆچیدوایی هاوژینەکەی بە ناوی سەید محەممەد فەیازی بۆ ماوەی پتر لە ٤٠ ساڵ، خۆی تەنیا بۆ منداڵەکانی هەم رۆڵی دایکانە و هەمیش ڕۆڵی باوکانەی گێراوە و هەروەها لە پێناوی باوەڕە پیرۆزەکانی، کوڕێکی بە ناوی سەید عەبدوڵا فەیازی پێشکێش بە بارەگای ئازادیی نیشتمان کردووە.
شەهید سەید عەبدوڵا فەیازی پیشمەرگەیەکی ئازا و بە بیروباوەڕی هێزی شەهیدانی هەوشار بوو کە لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕیکی دەستەویەخەدا لەگەڵ هیزە بەکرێگراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆرخۆرەی سەر بە شاری سەقز شەهید بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە جەمیلە کاکایی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، خەڵکی گوندی قۆزڵوو و سەرجەم ناوچەی هەوشار دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.