کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی ئەمریکایی داوایان لە وەزارەتی دەروەی ئەمریکا کردووە هێڵاننامەی ئەمنییەتیی”ئاریەن تەباتەبایی” بەڕێوەبەری پلەبەرزی ئێرانیی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا هەڵبوەشێننەوە و لێکۆڵینەوە لە پێوەندییە مەترسیدارەکانی ناوبراو لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” واشینگتۆن فێری بیکن” ٣ نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا، جێف وێن دێرۆ لە نیوجێرسی، ئێسکات پێری لە پێنسیلوانیا و ئەیوت هێرل لە نیومێکزیکۆ، دەڵێن: دەوڵەتی جۆبایدێن هەڵەیەکیی گەورەی کردووە کاتێک” ئاریەن تەباتەبایی” وەکوو ڕاوێژکاری باڵای دەفتەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چاوەدێری لە سەر ئەمنییەتیی نێونەتەوەیی دیاریکردووە و دەبێ خاوەن هێڵاننامەیەکی تایبەتی ئەمنییەتیی بێ.
نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێن: دەبێ لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر کەسایەتیی و وەفاداری ئەو کەسە بۆ ئێران کە گەورەترین دژبەری ئەمریکایە بکرێ و نابێ زۆر بە ئاسانی متمانە بەو کەسانە بکرێ، لەبەر ئەوەی کە ئەو کەسانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا.
یاسادانەرانی ئەمریکایی دەڵێن: تەباتەبایی لەهەمبەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران وتوویە کە ناڕەزایەتیی لە ئێراندا زۆر سرووشتییە و دەوڵەت مافی خۆیەتی بەرەنگاری خەڵکی ناڕازیی لە ئیراندا ببێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە جەواد تەباتەبایی، بابی ئاریەن، یەکێکە لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران.