وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران، هەواڵی دەسبەسەرکردنی ٢٣٧کەس لە بەڕێوەبەران، دەڵاڵ و ڕەشفرۆشەکان و سەردەفتەری بەڵگەنامەکانی دەزگای قەزایی ئێرانی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیسنا” غوڵامحوسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەست لەکارکێشانەوەی ١٠٠٠ دادوەری بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و کەم کاری پشتڕاست کردەوە و هەروەها وتی: ٢٣٧ کەس لە بەڕێوەبەران ودەڵالان و سەردەفتەرکانی دەزگای قەزایی ئێران، بەتۆمەتی دزی و گەندەڵیی دەسبەسەر کراون.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: ١٦١ پارێزەر و کارناسی دەزگای قەزایی ئێران، بەتۆمەتی یارمەتیدانی تۆمەتبارەکان و هاودەستبوون لەگەڵ دادوەردا بۆ بە بێتاوان ناساندنی تۆمەتباران دەسبەسەر کراون.
لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەگرانی دەزگای قەزایی ئێران دەڵێن: دەسبەسەرکردنەکان تەنیا لە ئاستی کارمەندان وبەڕێوەبەرانی پلە نزمدایە و کارەبەدەستانی باڵای حکوومەتیی ودەزگای قەزایی هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لێناکرێ.












