وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ٧ کەس لە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی وەکوو تێرۆریستی نێونەتەوەیی ناوبرد و خستیە لیستی گەمارۆکانیەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ٧ هاووڵاتیی لوبنانی کە پێوەندییان بە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵای لوبنانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بووە گەمارۆیان خراوەتە سەر و وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئەو کەسانەی وەکوو تێرۆریستی نێونەتەوەیی ناودێر کردووە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە ئەو کەسانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بریتین لە عێزەت عەکر، حەسەن عوسمان، بەرپرسی ماڵی حیزبوڵا، ئیبراهیم عەلی زاهیر، ئەحمەد محەممەد، وەحید سەبیتی، عەباس غەریب و مستەفا حەرب، کە هەموویان سەر بە حیزبوڵای لوبنانن.
هەروەها دوو بەرپرسی دیکەی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنان بە ناوەکانی نەبیل قاوق، فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵا و حەسەن ئەلبەغدادی، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبوڵا لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە ” قاوق و ئەلبەغدادی” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبوڵان کە بەرزترین شوێنی بڕیاردانی حیزبوڵایە و هەموو سیاسەتەکانیان و چالاکییە سەربازییەکانیان لەو کۆمیتەیە بڕیاری جێبەجێکردنی لە سەردەدرێ.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەلبەغدادی، بڕیارگەلی سپای پاسداران جێبەجێ دەکا و بەردەوام هاوکاریی میلیشیاکانی سپای پاسداران دەکا بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا، حیزبوڵای لوبنانی وەکوو گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران، خستوەتە لیستی ڕەشی تێرۆرەوە و گەمارۆی خستوەتە سەر بەرپرسی گشتیی و جێگری ئەو گرووپە تێرۆریستە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، هەرکەس و وڵاتێک کە بیهەوێت لەگەڵ ئەو گرووپە تێرۆریستیەدا بازرگانی بکا بە توندی سزا دەدا و گەمارۆی دەخاتەسەر.












