ئاژانسی وزەی ناوکیی: بردنە سەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، یەکێکە لە کارتە گوشارەکان بۆ وتووێژەکانی ویەن و ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی بەڵینەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی.
بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاویکردوەتەوە، و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز گەیشتوەتە لە سەتا ٦٣ کە ئەم ڕێژەیە زۆر مەترسیدارە.
ڕافائێل گڕووسی، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: هاوکات لەگەڵ وتووێژە سیاسییەکان لە ویەن وتووێژە فەنییەکانیش بەردەوامە.
گڕووسی هەروەها بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەو ڕێژەیە لەلایەن ئێرانەوە ڕێگەپێدراو نییە و ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و دەیهەوێت بەم کارەی کارتێکی گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا.
جێگای ئاماژەیە کە هاوکات لەگەڵ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن ئێرانەوە و بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم، هەواڵدەریی پرێس تێڤی ئێران کە کاناڵێکی ئێنگلیزی زمانە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە وتووێژەکانی ویەن لە ئاکامی دژایەتییکردنی ئەمریکا بۆ لابردنی هەموو گەمارۆکان لەسەر ئێران گەیشتووەتە کۆتایی و بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەم هەواڵدەرییە بێ ئەوەیکە ئاماژە بە پێداگری ئێران لەهەمبەر لابردنی هەموو گەمارۆکان پێکەوە لە سەر ئێران و کەسایەتییەکان و ڕێکخراوەکان بکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە لانەبردنی ٥٠٠ گەمارۆی ڕێککەوتنی ناوکیی هۆکارە بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێی ناوکیی لە ویەن و کۆتایی وتووێژەکان.