ژنێراڵ کێنت مەکێنزی دەڵێ: ڕێژیمی ئێران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە گەورەترین مەترسی و هەڕەشەیە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ژنێراڵ فرانک مەکێنزی، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا”سێنتکام” ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێرانی بەتەنیا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد وتی: ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە نەتەنیا بۆ سەر ئەمریکا بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا.
ناوبراو جەختی لەسەر ئەوکردەوە سەرەڕای هەموو هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهان و ناوچەکە ئەمریکا نایهەوێت لە ڕێگای سەربازییەوە شەڕ لەگەڵ ئێران بکا.
مەکێنزی بە ئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لە نێوان ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی ئورووپاییدا وتی: ئەوی کە ئێمە لە ئێرانمان دەوێ، گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکییە و گەڕانەوەی بەرپرسانەی ئەو ڕێژیمە بۆ نێو کۆمەڵگەی جیهانییە.
ناوبراو لەهەمبەر نزیکبوونەوەی بەلەمە تیژڕەوەکانی سپای پاسداران بە کەشتییە ئەمریکاییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا وتی: لە کاتێکدا ئێمە خەریکی وتووێژی ناوکیی و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکین لەگەڵ ئێراندا لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نییە کە لە ڕێگەی سەربازییەوە بێهەوێت کێشە بۆ وتووێژەکان ساز بکا.