نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، حوسێن ڕەسووڵ نەژاد، کادری پێشووی حیزبی دیموکرات لە کۆمیتەی شارستانی شنۆ، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەغەدە گیانی لەدەستدا.
حوسێن ڕەسووڵ نەژاد ناسراو بە حوسێن سندووسی، خەڵکی گوندی “حەسەننووران”ی شنۆ، لەو تازەلاوە خوێندەوارانە بوو کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات، لە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەستیان بە تێکۆشان کرد. ئەو تازەلاوە کە توانایەکی باشی کاری تەبلیغی و هونەری و هەستێکی ئەدەبیی جێگەی هومێدی هەبوو، لە چالاکییە ئەدەبی و شانۆییەکانی یەکیەتیی لاوان لە شار و ناوچەی شنۆدا، بەشداریی بەرچاوی هەبوو. لە جۆزەردانی ١٣٥٩ بەشداری یەکەم دەورەی زانکۆی سیاسی- نیزامیی حیزب بوو. دوای ئەو دەورەیە، وەک کادری لک لە لکی شەهید حەسەن رەجەبی هێزی شەهید سمکۆ، قۆڵی لە تێکۆشان هەڵماڵی. ڕێبەندانی ١٣٥٩ لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی حەسەننوورانی ئەندامانی حیزب، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوچە و بەرپرسی تەبلیغات هەڵبژێردرا. هاوینی ١٣٦٠، بوو بە ئەندامی یەکەمین کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان. بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبەریی گشتی، سەردانی ناوچەی جۆراوجۆری کوردستانی کرد. دواتر لە ناوچەی شنۆ وەک کادرێکی لێهاتووی حیزب درێژەی بە تێکۆشان دایەوە. ڕەزبەری ساڵی ١٣٦١ لە کاتێکدا وەک کادری تەشکیلاتی نهێنیی کۆمیتەی شاری شنۆ، لە مەئموورییەتدا بوو، لە جلوبەرگی کەسێکی ئاساییدا کەوتە کەمینی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەو هۆیەوە کە لێی کەوتبوونە گومان، دەستگیر کرا و کەوتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە. بەڵام بە لێوەشاوەیی و خۆڕاگریی خۆی، نەیهێشت هیچ کام لەو کەسانەی لەگەڵی لە پێوەندیدابوون، ئاشکرا ببن و بگیرێن. سەرئەنجام کە هەوڵەکان بۆ بەچۆکداهێنان و داننانی بە ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبی بێسوود بوو، ڕێبەندانی ١٣٦٢ لە زیندانی دەریای ورمێ ئازاد کرا و گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی.
کاک حوسێن ڕەسووڵ نەژاد، ئەگەرچی لە دوای ئازادی لە زیندان بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەیی، بە ڕەسمی نەگەڕایەوە نێو تەشکیلات و تێکۆشانی حیزبی، بەڵام بە بەڵێنی خۆی کە پشت نەکردن لە نەتەوەکەی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمانەکەی بوو، وەفادار مایەوە و بە سەربەرزی ژیانی تێپەڕ کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک حوسێن ڕەسووڵ نەژاد، کادری پێشووی حیزب لە ناوچەی شنۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، خەڵکی حەسەننووران و سەرجەم ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.