ئستیڤێن هێکی دەڵێ: ئەیهاب ئەلوەزنی بەدەستی ئەو گرووپانە کوژراوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ.
ئستیڤێن هێکی، باڵویزی بریتانیا لە عێراق شەوی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: ئەو کەس و گرووپانەی کە چالاکانی عێراقی تێرۆر دەکەن لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ.
باڵوێزی بریتانیا سەرەڕای مەحکوومکردنی تێرۆری چالاکانی عێراقی لەلایەن ئەو گرووپانەوە کە ئێران پشتیوانیان لێدەکا وتی: دەبێ هێزە چەکدارەکانی عێراق بێنە مەیدان و ئیزن نەدەن ئەو گرووپانە چالاکانی عێراقی تێرۆر بکەن.
هێکی، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە دەوڵەتی عێراق بەڵینی داوە بکوژانی چالاکانی عێراقی دەسبەسەر و بە توندترین شێوە سزایان بدا وتی: بریتانیا هەموو زانیارییەکانی خوی لە هەمبەر کوشتنی چالاکانی عێراقی دەدا بە دەوڵەتی عێراق و لەم پێوەندییەدا هاوکاریی تەواویان دەکەین.
هەرلەم پێوەندییەدا و لە دڕێژەی تێرۆری چالاکانی عێراقی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ئەحمەد حەسەن، هەواڵنێری هەواڵدەریی فۆرات، لە پارێزگای دیوانییە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر و بریندار بووە، ئەمە دووهەمین هەوڵی تێرۆری چالاکانی عێراقی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بووە.