ئەمریکا: هاوکات لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، دەبێ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە زۆر بوارەوە وڵامدەر بن.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، “نێد پرایس”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دانیشتنێک لەگەڵ هەواڵدەریەکان سەبارەت بە وتووێژەکانی ویەن بۆ بووژانەوەی بەرجام وتی:” سەرەڕای کێشمەکێشمی زۆر، وتووێژەکان لە ویەن درێژەی هەیە و ئەگەر ئەو وتووێژانە بە ئاکام بگەن جارێکی دیکە چڕترین چاوەدێرییەکان بۆ سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران بەڕێوە دەچێ و ئەو گەمارۆیانەی کە دژایەتییان لەگەڵ ڕێککەوتنی بەرجام نەبێ لادەبردرێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ بە دوور کەوتنەوەی ئێران لە ڕێککەوتنەکانی بەرجام، بەرنامەی ناوکیی ئێران خێرایی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە و ئەو دڵنیاییەی دا کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکیی ڕاناگا و گەمارۆکانی ئێمە لەو بارەوە ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە.
نێد پرایس وتی:” تەنانەت ئەگەر لایەنەکانی بەرجام بە ئاکام بگەن و ڕێککەوتن بکەن، ڕێژیمی ئێران دەبێ لە بەرانبەر تێروریزم و پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستی و ملیشیاکان و هەر وەها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وڵامدەر بێ و بۆ ئەوەی لەو بارەشەوە بە ئاکام بگەین گەمارۆکانی ئێمە لە سەر ئێران بەردەوام دەبێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکا کە لە دانیشتنی ویەندا لەگەڵ بەشێک لە داواکانی ئێران ڕێککەوتن کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکایی لەگەڵ لابردنی بەشێکی زۆر لەو گەمارۆیانە نین.