پێنتاگۆن هەواڵی تەقاندنی ٣٠ گوللـەی ئاگادارکردنەوەی بۆ بەلەمە تیژڕەوەکانی سپا کە لە گەرووی هۆرمۆز بە شێوەیەکی مەترسیدار لە کەشتییە ئەمریکاییەکان نزیک ببوونەوە پشتڕاست کردەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە چەندین بەلەمی تیژڕەوی سپای پاسداران لە گەروی هۆرمۆز بە شێوەیەکی مەترسیدار نزیک ببوونەوە لە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و بۆ ئاگادارکردنەوە و هوشدار بە هێزەکانی سپا، هێزی دریایی ئەمریکا ٣٠ گوللـەی بەڕووی بەلەمەکانی سپادا تەقاند.
جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هێزی دەریایی ئەمریکا، هێزێکی ڕاهێنراون و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ئامادەیی تەواویان هەیە و مافی خویانە کە بەرگریی لە خویان بکەن.
کێربی لە درێژەدا وتی: بەلەمە تیژڕەوەکانی سپای پاسداران بە شێوەی هێرشبەرانە و مەترسیدار لە گەروی هۆرمۆز نزیک بوونەتەوە لە کەشتییەکانی ئەمریکا کە ئیسکۆرتی ژێردەریایی” یو ئێس ئێس، مۆنتێر”یان دەکرد و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بە ناچار ٣٠ گوللـەی هوشداریان بە ڕووی بەلەمەکانی سپای پاسداراندا تەقاندووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا وتی: فەرماندەکانی هێزی دەریایی سپا کارەکانیان ڕوون و ئاشکرا نییە و بەردەوام ئەمنییەتی دەریاوانی دەخەنە مەترسیەوە.
ناوبراو هۆکاری ئەو کارەی هێزە دەریاییەکانی سپای بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێزەکانی سپا تەنیا لە خامنەیی فەرمان وەردەگرن و جێبەجێی دەکەن.