کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ورمێ بەناوی ” فەرزاد جەباری” لە کاتی کۆڵبەریدا و بە هۆی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، خۆی فرێداوەتە نێو ڕووبارێک و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ” فەرزاد جەباری” تەمەن٣٠ ساڵان لە کاتی کۆڵبەریدا، لە ترسی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران خۆی خستووەتە ناو ڕووباری “بنار” و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزاد جەباری خەڵکی گوندی “مەنسوورئاوا”ـی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی “ورمێ” بووە و دوای ئەوەیکە کەوتووەتە بۆسەی هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران، بۆ ئەوەیکە دەسبەسەر نەکرێت خۆی فڕێداوەتە ناو ڕووباری “بنار” و گیانی لەدەستداوە.