کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “ئاکۆ قادری” لە سنووری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوو و بۆ چارە سەری برینەکانی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار گوازراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا کەوتۆتە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کە هیچ بارێکی پێ نەبووە.
شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراو یان بریندار بوون.