بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتیی نەتەوەیی مەجلیسی ئیران، لە دانیشتنی هەڵسەنگاندنی فایلە دەنگییەکەی زەریف وتی: ئەو قسانەی زەریف لە سەر قاسم سولەیمانی کردوویە، دژایەتیی کردنی قاسم سولەیمانی بووە و لە بنەڕەتدا ئەو فایلە دەنگییە بۆ بڵاوکردنەوە، تۆمار کراوە.
موجتەبا زولنووری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە قسەکانیدا لە مەجلیس بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە لە بنەڕەتدا قسەکانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بڵاوبوونەوە تۆمار کراوە وتی: ئەم قسانە زەریف، ئەوەمان بۆ دەردەخا کە زەریف ڕقێکی تایبەتی لە قاسم سولەیمانی بووە و زۆری دژایەتیی سولەیمانی کردووە. ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە قسەکانی زەریف کە وتبووی شەڕی سووریە قاسم سولەیمانی هەڵیگیرساندووە و ئەو زانیارییانە جانکێری، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمریکا بە منی داوە وتی: قسەکانی زەریف بوونەتەوە هۆی دڵهێشانی وڵاتانی ڕووسیە و چین و تەنانەت جان کێری ئەو قسانەی زەریف ڕەت دەکاتەوە.
زولنووری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی توند لە بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران لە ویەن دەگرێ و دەڵێ: عێراقچی بە دوژمنانی ئێمەی وتووە لە ئێراندا دەسەڵاتدارانی سەرەکیی هێزە سەربازییەکانن.
ناوبراو لە بەشێکی دێکە لە قسەکانیدا و لە دڕێژەی ڕەخنەگرتنەکانیدا دەڵێ: هەموو دەسکەوتەکانمان لە ڕێککەوتنی ناوکیی، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هێزی مووشەکیی ئێمە و ئورووپاییەکان بۆیە لەو ڕێککەوتنەدا ماونەتەوە، چوون دەزانن کە بەرنامەیی مووشەکیی ئێران زۆر بەهێزە و باوەڕیان بە تواناکانی ئێران هەیە.