چاک شومێر، ڕێبەری فراکسیۆنی دێموکراتەکان لە مەجلیسی سێنای ئەمریکا وتی: ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نابێ تەنیا پێوەندی بە ڕێککەوتنی ناوکیی بێ و دەبێ ئەو ڕێککەوتنە بوارەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەرنامەی مووشەکیی و تیرۆریسمیش لە خۆی بگرێ.
دەوری چوارەمی وتووێژەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشیی بەرجام لە ویەن بە بەشداریی نوێنەرانی وڵاتانی پێوەندیدار بە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ درێژەی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی سایتی” جویش ئینسایدێر” دژایەتییەکان بە گەڕانەوەی ئەمریکا بە ڕێککەوتنی سالی ٢٠١٥ زۆرە و یەک لەوان “چاک شومێر” ڕێبەری زۆرینەی دێموکراتەکان لە سێنای ئەمریکایە کە ناوبراو لە دوایین دانیشتنی شۆرای یەهوودییەکانی نیۆیۆرک وتی:” بە باوەڕی من ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نابێ تەنیا لە بواری ناوکییدا بێ، دەبێ ئەو ڕێککەوتنە لایەنەکانی دیکە وەکوو مافی مرۆڤ، بەرنامەی مووشەکیی و تیرۆریسمیش لە خۆ بگرێ.
شومێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی لەلایەن دەوڵەتی ئۆباماوە بە هەڵەی گەورەی سیاسی دانا و هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هاتنە دەرەوەی دەوڵەتی ترامپیش لە بەرجام هەڵەیەکی دیکەی سیاسی بووە.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بەشێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لەگەڵ لابردنی تەواوی گەمارۆکان و ئازاد کردنی پارە بلۆکە کراوەکەی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتەوە، دژایەتیان هەیە.