هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بەناوی “عەلی ئەڵاوەیسی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، “عەلی ئەڵاوەیسی” چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە دژەگەلییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە، لەنێو بازار دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەکاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییەدا بە توندوتیژی و لێدان هەڵیانکوتاوە سەری، لەحاڵێکدا کە هیچ بەڵگەیەکی قەزاییان پێ نەبووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە و شوێنی مانەوەشی نادیارە.
جێی ئاماژەیەوە کە هێزە تێرۆرەیستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان ڕۆژ نییە هێرش نەکەنە سەر هاووڵاتیان و بە تۆمەتی ناڕەوا دەسبەسەر و ڕووبەڕووی توندوتیژییان نەکەنەوە؛ هەروەها لە ماوەی زیاتر لە ٤دەیەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا نەتەوەی کوردی چەوساندووەتەوە و هەموو مافێکی لێ داگیر کردووە.