وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو کەشتییەی کە بە شێوەی نایاسایی چەکوچۆڵی دەگواستەوە و لە لایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە لە دەریای عەرەبدا دەستی بە سەردا گیراوە ئێران ڕەوانەی کردوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەو هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندوە کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو کەشتییە لە ئێرانەوە بەڕێ کەوتووە و ویستوویەتی ئەو بارە نایاساییە چەکوچۆڵە بگەێنیتە دەستی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن.
لەم ڕاپورتەدا باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، بەردەوام چەکوچۆڵ بە شێوەی نایاسایی دەنێرێ بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی ناوچەکە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوگانی پێنجەمی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لەبەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند دەستیان بە سەر کەشتییەکیی بارهەڵگر کە لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا چەکوچۆڵی بە شێوەی نایاسایی دەگواستەوە گرتووە.
لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم کەشتییە کە ئاڵای هیچ وڵاتێکی لە سەر نەبووە هەڵگری، دەیان مووشەکی دوورمەودا، هەزاران چەکی چینی، سەدان قەناس و دوربینی پێشکەوتوو بووە کە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە.