جیروزاڵم پۆست نووسیویەتی: ڕاپۆرتێکی ئەمنیەتیی نوێ کە لە وڵاتی ئاڵمان بڵاو کراوەتەوە، ئاشکرای دەکا کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر و نهێنی بۆ شاردنەوەی هەوڵە نایاساییەکانی خۆی بەمەبەستی دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژ هەوڵ دەدا.
جیروزاڵم پۆست: لەو ڕاپۆرتە ٢١٨ لاپەڕەییەدا کە ناوەندی ئەمنیەتیی ویلایەتی باکووری ئاڵمان،لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاویکردۆتەوە، ١٩ جار ئاماژەی بە پیشێلکاریی و کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە، کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەستی بەچەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو ڕابگا کۆمەڵگەی جیهانیی دەکەوێتە مەترسییەکی جیددیەوە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە، ولاتانی وەکوو ئێران، کورەی باکوور، سووریە و پاکستانیش کە لە کاروباری پێوەندیدار بە چەکی ناوکیی چالاکیان هەیە، هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە ڕێگەی جۆراوجۆری نایاساییەوە هەناردەکردن و هاوردەکردن دەور لێبدەنەوە و کردەوە نایاساییەکانیان بە نهێنی ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستە دەستیان داوەتە کردەوەی تێکدەرانە و بەپێشێلکردنی یاسا جیهانییەکان، هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکوچۆڵی قەدەغە کراو دەدەن.
ناوەندی ئەمنیەتیی ئاڵمان وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە کە کڕینی چەکوچۆڵی قەدەغەکراو بشارێتەوە و ئاڵوگۆرەکانی خۆی لە ڕێگەی وڵاتانی سێهەمەوە ئەنجام بدا و لەو بارهەڵگرە بێ ئەزموونانە بۆ پارچەکانی ئەو چەکوچۆڵە کەڵک وەرگرێ، کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئەو کەلوپەلە نایاساییانە بە شێوەی پارچە پارچە و لە رێگەی کەسانی جۆراوجۆرەوە دەگوازێتەوە.