ڕۆژی ڕابردوودا ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی و لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران، ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە قوتابییانی پۆلی نۆ تا دوازدە لە ٦ شاری ئێران وەکوو شارەکانی ئیلام، هەمەدان، ساوە، بەندەرعەباس، کرمان و نەسیم شاری تاران لە بەردەم بینای پەروەردەی شارەکانی خویان، خەڵکی ٦ گوندی ناوچەی غیزانییەی ئەهواز، لە بەردەم بینایی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی خووزستان، هێندیک لە کرێکارانی شارەوانی” شەهرێکورد” لە بەردەم بینای شارەوانی ئەو شارە، دوکاندارەکانی تاران لە بەردەم بینای شۆرای شاری تاران، دانیشتوانی ناوچەی حوسێنئاوای کاشمەر لە شوێنی خویان، کرێکارانی شارەوانی زەنجان لە بەردەم بینای ئۆستانداریی ئەو شارە و هەروەها هێندێک لە پشکدارانی خانوو و شارسازی ورمێ لە بەردەم بینای شارەوانی ئەو شارە بە ڕێوەچوو.
هەروەها ناڕازییان دەڵین: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی جۆراوجۆری زۆریان پێداوین، بەڵام تا ئێستا نەک هەر جێبەجێیان نەکردووە بەڵکوو هیچ گرینگییەکیشیان بە دۆخی ژیانمان نەداوە و دۆخی بژێوی ژیانمان لەوپەڕی خراپیدایە.