هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر
کە بەشێوەیەکی نایاسایی چەکوچۆڵی دەگواستەوە گرتووە.
ناوگانی پێنجەمی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەبەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە دەستیان بە سەر کەشتییەکیی بارهەڵگر کە لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا چەکوچۆڵی بە شێوەی نایاسایی دەگواستەوە گرتووە.
لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم کەشتییە کە ئاڵای هیچ وڵاتێکی لە سەر نەبووە هەڵگری، دەیان مووشەکی دوورمەودا، هەزاران چەکی چینی، سەدان قەناس و دوربینی پێشکەوتوو بووە کە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تا ئێستا بۆ هیزەکانی ئەمریکا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەو کەشتییە لە چ وڵاتێکەوە ئەو چەکوچۆڵەی بار کردووە دەیهەوێت بۆ کام وڵاتی ببا.
جێگای ئاماژەیە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی بازرگانی ئازاد و پاراستنی ئەمنییەتیی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا، دەستی بەسەر ئەو کەشتییەدا گرتووە کە بە شێوەیەکیی نایاسایی چەکوچۆڵی دەگواستەوە و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەڵێن هیچ گومانمان لەوە نییە کە ئەم چەکوچۆڵانە ڕادەستی گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان لە هەموو جیهان دەکرێ.