لە دەوری چوارەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەندا، ئەمریکا پێداگرە لە سەر ئەوی کە ئێران دەبێ سانتریفیوژە پێشکەوتووەکان کۆبکاتەوە و ئەمریکاش بەشێکی گەورە لە گەمارۆکانی سەر ئێران لا دەبا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا بڵاو بووەتەوە لە دەوری چوارەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەندا، وتووێژ لە نێوان دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێراندا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و کێشەساز، لە کاتێکدا ئەمریکا پێداگرە لە سەر کۆکردنەوەی سانتریفیوژە پێشکەوتووەکان لە ئێراندا، وەکوو مەرجێکی سەرەکیی بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان، توندئاژۆکانی ئێران، خەریکی هەڕەشەکردنن و دەڵێن ئەگەر لە ویەندا ڕیککەوتن نەکرێ، کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران کۆ دەکەینەوە و ئیزن بە لێکۆڵەرانی نێونەتەوەیی نادەین چاوەدێری دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا ئێنریکە مۆرا، ڕێکخەری دانیشتنەکانی ویەن بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە کە، هیوادارین ئەمە کۆتایی وتووێژە ناوکییەکان بێ و بگەین بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز لە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهاندا.