حەوتووی ڕابردوو کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی “ڤیان محەممەدی” لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڤیان محەمەدی، خوێندکاری بەشی کارگێڕی زانکۆی تاران کە خەڵکی شاری مەریوانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران لە شاری تاران دەسبەسەر کراوبوو بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.
١٨ کەس لە هێزە تێرۆریستەکانی سپا پاسدارانی تاران، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ڤیان محەممەدی” و وێڕای ئازاری ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو کامپیوتێر، مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە و بنەماڵەی “محەممەدی” لەمبارەوە ڕایانگەیاند کە، “ڤیان” دوای دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی “ئێڤین”ـی تاران گوازراوەتەوە و لەوێوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیمی لە ورمێ گوازراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو نەزانراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئەوەیکە پێوەندی لەگەڵدا بگرن بێ ئاکام ماوەتەوە، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی بە کۆمەڵی لاوانی کورد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسدارانەوە “ڤیان”ـیش یەک لەو دەسبەسەرکراوە کوردانە بوو کە پاش ماوەی ٤٠ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە تاران بۆ گرتنگەی سپای پاسداران لە ورمێ گوازراوەتەوە.