دەوری چوارەمی وتووێژەکانی ویەن بە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی ٣ کۆمیتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران، کۆتایی پێهات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەوری چوارەمی وتوێژەکانی ویەن بە پێکهێنانی ٣ کۆمیتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە کارەکانی هێنا و کۆمیتەی یەکەم ئەو گەمارۆگەلە کە لەلایەن ئەمریکاوە دەبێ لابچی دیاری دەکا، کۆمیتەی دووهەم، چاوەدێری ئێران دەکا بۆ گەڕانەوە بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و کۆمیتەی سێهەم، بەرپرسایەتیی بەرێوەچوونی بەڵێنەکانی ئەمریکا و ئێرانی لەسەرە.
میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری تایبەتی ڕووسیە بۆ وتووێژەکانی ویەن، ڕایگەیاند کە تیمی وتووێژەکان ئامادەن تا هەرکاتێک پێویست بێ بۆ گەیشتن بە ئاکام و ڕێککەوتنێکی باش لە ویەن بمێننەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا، ژان ئیۆ لۆدێریان، وزیری دەرەوەی فەرانسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی گاردیەن وتی: ئێران بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی، ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە لە بە دەستهێنانی چەکی ناوکیی و زۆر پێویستە کە بگەین بە ڕێککەوتنێک و پێش بە ئێران بگرین.