نێد پرایس، هەواڵی ئازادکردنی ١ میلیارد دولار لە داراییەکانی ئێرانی لە لایەن ئەمریکاوە کە پێشتر لە کاناڵی هەواڵی” سی ئێن ئێن” بڵاو ببوەوە ڕەت کردەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر و لەلاپەڕەی فەرمیی و تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نووسی: ئەو ڕاپۆرتگەلەی بڵاوکراوەتە کە ئەمریکا خەریکی ئازادکردنی داراییەکانی ئێرانە و هەوڵێکی یەکلایەنە دەدا بۆ گەڕانەوەی ئێران و پێبەندبوونی بەڕێککەوتنی ناوکیی دورن لە ڕاستی و ئەمریکا هیچ جۆرە پارەیەکی بلۆکەکراوی ئێرانی ئازادنەکردووە.
پرایس لە درێژەی پەیامەکەیدا وتی: هەروەکوو پێشتر وتوومانە هەر هەنگاوێک لە لایەن ئەمریکاوە دەبێ دوو لایەنە بێ و ببێتە بەشێک لە بەڵێنەکانی هەردوو لایەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی.
جێگای ئاماژەیە کە هەواڵدەریی ” سی ئێن ئێن” شەوی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی جۆبایدێن، خەریکی ئازادکردنی ١ میلیارد دولار لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێرانە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەواڵەی ڕەت کردەوە.