وەزیری دەرەوەی مەراکێش دەڵێ: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هەناردنی چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی سەربازیی بە گرووپی” پۆلیساریۆ” ئەمنییەتی وڵاتەکەمانی ڕووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە.
ناسر بۆریتە، وەزیری دەرەوەی مەراکێش، ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەهەمبەر سیاسەتی دژبەرانە و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەسازکردن و دەستێوەردان لە وڵاتانی باکوور و ڕۆژاوای ئەفریقا هوشداریدا و وتی: ئێران بە پشتیوانیی و ناردنی چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی سەربازیی، بەگرووپی جیایخوازی” پۆلیساریۆ” ئەمنییەتیی نەتەوەیی وڵاتەکەمانی ڕووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی مەراکێش کە وڵاتەکەی بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە پێوەندی دیپلۆماتیکی خوی لەگەڵ تاران پچڕاندووە وتی: ئێران لە ڕۆژاوای ئەفریقا و لە رێگای میلیشیاکانی حیزبوڵاوە خەریکی دەستێوەردان و ناسەقامگیرییە و بەردەوام مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر وڵاتانی باکوور و ڕۆژاوای ئەفریقا
ناوبراو لە دڕێژەدا دەڵێ: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ئێران پێویستمان بە هاوکاری و پێوەندیی وڵاتانی عەرەبییە، دەبێ هەموومان یەکدەنگ و دژ بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە میلیشیاکانیەوە بۆ سەر ناوچەکە ببینەوە و ئیزن نەدەین کە ئێران زیاترلەوە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیریی وڵاتەکانمان.