ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکیی ئاسمانییدا بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی ئێرانی لە لازقیەی سووریە کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٨ کەس لە میلیشیاکانی سەر بەرێژیمی ئێران کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکە و بارەگاکانی رێژیمی ئێرانیان لە پارێزگای لازقیەی سووریە کردە ئامانج و ٨ کەس لە میلیشیاکانی سەربەسپای پاسدارانی رێژیمی ئێران کوژران.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران و هەروەها کۆگای تەقەمەنی و چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران لە پارێزگای لازقیەی سووریە و بە خەستی بۆردمانی کردووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا وتی: ٨ کەس لە چەکدارەکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە ئاکامی ئەم هێرشەدا کوژراون کە ٥ کەسیان ئێرانیین و ٢ کەس ئەفغانی و ١ کەسی سووری کە هەموویان سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن.