رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٤ی مەی ٢٠٢١ی زایینی، لەلایەن بەشی پێوەندییە نۆروێژییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەک بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەیئەتی حیزبی سۆسیالیستی چەپ ئاماژەی بە پێوەندی حیزبەکەیان لەگەڵ کوردەکانی دانیشتووی نۆروێژ بەگشتیی و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کرد.
هەروەها هۆی گرتنی ئەو کۆبوونەوەیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی گەراندەوە بۆ زانیاری وەرگرتنی زیاتر لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەلات و پرسی کورد لە وڵاتی ئێراندا.
پێویستە بگوترێ کە لەو کۆبوونەوەیە دا بەرێزان: فرێدی ئاندرە ئۆستەگۆرد، ئەندامی پارڵمانی نۆروێژ، بەرهەم ئازادی ( کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی ئەو حیزبە) و ئێسپێن کریستێر لە لایەن حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ وە بەشدار بوون .
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، خاتوو بەفرین رۆستەمی، لەلایەن کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و بڕیارەکانی حیزبی سۆسیالیستی چەپ سەبارەت بە کوردەکان ، لە پارڵمانی نۆروێژدا دەڕبری. هاوکات بە پشتبەستن بە بەڵگە و ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی رێژیمی ئێران، لە یەکساڵی رابردوودا و سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەلاتی کوردستان باسێکی پێشەکەش کرد و داوای لە حیزبی سۆسیالیستی چەپ و حکومەتی نۆروێژ کرد کە زیاتر بێنە سەر خەت و پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بکەن.