پاش سێ مانگ لە دەسبەسەرکردنی “فەرزاد سامانی” و “سوهەیب بادروج” لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو دوو خوێندکارە لە بەردەستدا نییە.
بە گوێرەی ڕاپۆڕتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی “فەرزاد سامانی”، خوێندکاری کارناسیی کۆمەڵناسیی زانکۆی خارەزەمی شاری کەرەج و خەڵکی مهاباد، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە تێدەپەڕێت، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەی و ئەو تۆمەتانەی وەپاڵی دراون دیار نین.
“سوهەیب بادروج”، خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی خارەزمی شاری کەرەج و خەڵکی مەریوانە کە لە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ وێڕای فەرزاد لە خەوتنگەی ئەو زانکۆیە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی سپای “المهدی” ورمێ گوازرانەوە.
ئەو دەسبەسەرکردنانە هاوکات لەگەڵ گرتنی دەیان هاونیشتمانیی کورد لە شارەکانی تاران، کەرەج، مەهاباد، شنۆ، بانە، مەریوان، کرماشان و چەندین شاری دیکەی کوردستان ڕووی دابوو.
“فاڕووق سامانی” برای فەرزاد لەم دواییانەدا لە لاپەڕەی ئینستگرامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ماوەی دەسبەسەرکردنی براکەی بۆ جاری چوارەم درێژکرایەوە و دەڵێ: براکەی لە مافی بەکارهێنانی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی ئاسایی لەگەڵ خێزانەکەی بێبەشکراوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە: هۆکاری سەرەکی بەردەوامیی دەسبەسەر بوونی براکەی، پەروەندە سازیی ئیتلاعاتی سپا بووە.
جێگەی سەرنجە کە دەسبەسەرکردنی فەرزاد سامانی و چەندین هاونیشتمانیی دیکەی کورد لە سەرجەم شارەکانی کوردستان و ئێراندا لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە.
ئیتلاعاتی سپای کوردستان لە ژێر چاودێری سوپای قودس و بە سەرکردایەتی سەردار “سادق حوسێنی” کار دەکا.
فەرزاد سامانی لەگەڵ ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی دیکەی کورد، بۆ گرتنگەی “٧ی تیر” هەڵکەوتوو لە بارەگای ئەلمەهدی شاری ورمێ، کە لەژێر چاودێری ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداراندایە گوازراونەوە.