خۆپێشاندانی قوتابیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران لەدژی شێوەی تاقیکارییەکان بەڕێوە چوو و خۆپێشاندەران لەگەڵ توندوتیژیی هێزەکانی ئینتزامی بەرەوڕوو بوونەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیانی پۆلی نۆهەم و دوازدەهەم لە زۆربەی شارەکانی ئێران لە بەردەم بینای پەروەردە و ڕاهێنانی شارەکان کۆبوونەوە و لە دژی شێوەی تاقیکارییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
جێی ئاماژەیە کە قوتابیانی ناڕازیی لەلایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە کەوتنە بەر لێدان و بێڕێزیی.
ئەو قوتابیانە بەهۆی پەرسەندن و بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا و خۆ پاراستن لەو نەخۆشییە ڕازی نین تاقیکاریی کۆتایی ساڵی خوێندیان بەشێوەی حزووری بەڕێوە بچێ و داوایان ئەوەیە کە تاقیکارییەکان بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەبچێ.
بەرپرسی پەروەردە و راهێنانی تەورێز لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بڕیاری تاقیکاریی کۆتایی پۆلی نۆهەم و دوازدەهەم بڕیاڕی سەرتاسەرییە و ئێمە ناتوانین لەو بڕیارە پاشگەز بینەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی بەربڵاوی کۆرۆنا و بڕیاری بەڕێوەچوونی تاقیکارییەکان بەشێوەی حزووری نیگەرانییەکی زۆر بۆ بنەماڵەی قوتابیان درووست بووە و بەرپرسان و کاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ گرینگییەک بە داوای قوتابیان و بنەماڵەی قوتابیان نادەن.