بیۆگراڤیی عەڕەب شامیلۆڤ
عەڕەب شامۆیویچ شامیلۆڤ [عەڕهبێ شەمۆ]، نووسەری بە ناوبانگی کوردی سۆڤییەت لە ٢٣ی ژانویەی ١٨٩٧زایینیدا لە ئاوایی سووسووز سەر بە ئەیالەتی قارس [تورکیەی ئەمڕۆ] لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایک بوو. عەڕەبێ شەمۆ لە بەشدارانی چالاکی شۆڕشی دژ بە حکوومەتی تێزار و شەڕی نێوخۆیی دژ بە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ڕووخاوی قەیسەری بوو. ساڵی ١٩١٨ بوو بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ڕووسیە. لە نێوان ساڵەکانی ٢١-١٩٢٠ زایینیدا سەرۆکی بەشی کۆمیسیۆنی نائاسایی [چکا] شاری قوبا (Quba) لە ئازەربایجان بووە. لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٢٠دا هاوکاریی لەگەڵ ڕۆژنامەکانی”ئاسۆی خۆرهەڵات”، “ڕێیا تازە”، “کوردستانی سۆڤییەت” کردوە. لە نێوان ساڵەکانی ٢٢-١٩٢١دا خوێندکاری بەشی تورکناسیی ئەنیستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسیی مۆسکۆ بووه و، پاشتر ئەرکی جۆراوجۆری دەوڵەتی و حیزبیی لە گورجستان و ئەرمەنستان و هتد پێئهسپێردراوە. لە کۆتایی دەیەی ٢٠ی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ ئیساک مارۆگولۆڤ بناخەی ئەلفوبێی کوردیی بە پیتی لاتین داڕشتووە. لەو سەردەمەدا وەکوو ڕاوێژکاری کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان ڕێکخەری خەباتێکی شێلگیرانە دژ بە بەگ و ئاغا و کەسایەتییە ئایینییەکانی ئیزەدیی بووە. بە هۆی پیلانێک بە بیانووی بەرتیلوەرگرتن، بانگەشەو بەشداریکردن لە ڕێورەسمی ئایینیی ئیزەدییەکان لە ساڵی ١٩٢٩دا لە یەریڤان گیراوە وکەوتۆتە بەندیخانە.
کاتی لە زیندانبوونی، پەرتووکی “خۆ- خۆ هینبوونا خاندینا نڤیساریا کورمانجی” [خۆفێربوونی زمانی کوردی] کە کاری هاوبەشی شامیلۆڤ و مارۆگولۆڤ بوو، چاپ کراوە.
عەڕەب شامیلۆڤ پاش ئازادبوونی دەچێته لێنینگراد [سن پترزبورگی ئێستا] و ڕۆمانی” شوانی کورد” بە ڕووسی دەنووسێ. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٣١ لە لایەن دەزگای “گاردی جەوان” لە مۆسکۆ چاپ کراوە.
عەڕهبێ شەمۆ لە ساڵەکانی ٣٤- ١٩٣٠دا خوێندکاری “ئەنستیتوی باڵای کۆمۆنیست – ژۆزێڤ ڤیساریۆنۆویچ ستالین” لە لێنینگراد، زانستیاری “زانکوی مێژوو، فەلسەفە و زمانەوانی لێنینگراد (زمانی کوردی)”، ناودێری دوکتورا (ئاسپیرانت) لە “ئاکادێمی دەوڵەتیی مێژووی فەرهەنگی مادیی” بە سەرپەرستیی پرۆفیسۆر “نیکۆلای یاکۆولێویچ مار”، هەوەڵین خوێندکاری کوردی ئاکادێمیک “یۆسیڤ ئابگارۆویچ ئۆربێلی” دامەزرێنەری “بەشی کوردناسیی لە ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤییەت”، هاوکاری بەشی “زمانەوانی ئەنیستیتوی لێکۆڵینەوەی زانستیی کێشە نەتەوەیی و کۆلۆنیالییەکان” و، ڕێکخەر و سەرۆکی شاندی ناردراوی ئەو زانکۆیە بۆ ئاگاداریی لە شێوەی ژیان و وەزعییەتی ئابووریی ناوچە کوردییەکانی ئەرمەنستان، ئازەربایجان، گورجستان، هەروەها دارشتنی زمانی یەکگرتووی ئەدەبیی کوردەکانی یەکیەتی سۆڤییەتی بووە. تێزی زانستیی عەڕەب شامیلۆڤ دەربارەی “فیودالیزم لە نێوان کورداندا” بووە.
ژانویەی ساڵی ١٩٣٧ پاش گیرانی “ئاشوت ئۆگانیسیان” سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان و دۆزینەوەی نامەکانی شامیلۆڤ، کە داوای گرینگیپێدانی زۆرتری بە گەشەکردنی وێژە و فەرهەنگی کوردەکانی ئەرمەنستانی لێکردبوو، بە تاوانی پێوەندی و دۆستایهتی لەگەڵ ئۆگانیسیان، لە لێنینگراد قۆڵبەست کرا و، بۆ ماوەی نزیک بە ١٧ ساڵ بۆ سیبریی دوورخرایەوە. لە تاراوگە لەگەڵ ماریا نیکۆلایویچ ئاشنا بوو و ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. شەمۆ و ماریا بوون بە خاوەنی چوار منداڵ. پاش مردنی ستالین و ئازادبوونیان، لە سەرەتادا دەچنه گورجستان و پاشان ئەرمەنستان. کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەرمەنستان لەساڵی ١٩٥٤دا، لە ڕۆژنامەی ئەرمەنستانی سۆڤییەت [ساویتاکان ئایاستان] بە کورتی ئاماژە بە گەڕانەوەی عەڕەب شامیلۆڤ، بۆلشویکی پیر و نووسەری کورد، بۆ ئەرمەنستان دەکرێ. شامیلۆڤ پاش ئازادبوونی درێژەی بە کاری ئەدەبی دا. لە ساڵی ١٩٦٧دا سەرناوی “چالاکی فەرهەنگیی ئەرمنستانی یەکیەتی سۆڤییەتی” پێ بەخشرا.
بەشێک لە کارەکانی شامیلۆڤ بریتین لە:
– شانۆی کۆچەکێ دەرەوین، ساڵی ١٩٣٠
– ڕۆمانی بەربانگ، ساڵی ١٩٥٨
– ڕۆمانی ژیانێکی بەختەوەرانە، ساڵی ١٩٥٩ [لە ساڵەکانی ١٩٦٤- ١٩٦١ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەرمەنی، و لە ساڵی ١٩٦٥کراوەتە ڕووسیی]،
– سناریۆی “کوردەکانی ئەرمەنستان”، ساڵی ١٩٥٩،
– قەڵای دم دم، ساڵی ١٩٦٦ [لەساڵی ١٩٦٩ کراوەتە ڕووسی]
– ڕۆمانی حۆپۆ، ساڵی ١٩٦٨، و …
زۆر لە بابەتەکانی عەڕەب شامیلۆڤ بە زمانەکانی گورجی، ئهڵمانی، تورکی، یوونانی، ئینگلیزی و فەڕەنسهیی و هتد تەرجومە کراونەتەوە.
عەڕەب شامیلۆڤ لە ٢١ مای ١٩٧٨ لە یەریڤان کۆچی دوایی کرد. بۆ ڕێزگرتن لەو، تەتەڵەی بیرهێنانەوەی شەمۆ لە شەقامی “ئابۆویان”ی یەرێڤان دانراوە. لە ساڵی ١٩٩٧دا کۆڕیادی ١٠٠مین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عەڕەبێ شەمۆ لە سایەی هەوڵ و هاوکاریی لقی نووسەرە کوردەکان و یەکیەتی ڕۆشنبیرانی کوردو پشتیوانی ڕێبەریی دەوڵەتی ئەرمەنستان لە ساڵۆن فیلارمۆنی [ئۆرکێسترای] یەرێڤان بە شکۆوە بەڕێوە چوو.
دەربارەی شوانی کورد
“شوانی کورد” ڕۆمانێکی مێژوویی – ڕێئالیستییە. لە ڕاستیدا نووسەر، بۆخۆی پاڵەوانی چیرۆکی “شوانی کورد”ە و، بە زمانێکی پاراو و ساکار باس لە بەسەرهاتی خۆی، بنەماڵە و نەتەوەکەی، هەروەها ئێش و ئازاری ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی خەڵکەکەی دەکا. تەواوی ئەم ڕۆمانە پڕە لە عیشق و خۆشەویستی عەڕهبێ شەمۆ بە کورد و مێژووی خەڵکەکەی؛ قین و بێزاری لە دواکەوتوویی فەرهەنگ و دابونەریتی کۆن و بێدەسەڵاتیی خەڵکی کۆچەر؛ هەروەها ڕق و تووڕەیی لە چەوسێنەرانی مێژوویی کوردی هەژار واتە بەگ، ئاغا، شێخ و هتد. عەڕەبێ شەمۆ ژیانی تاڵ و بە ئازاری خەڵکی هەژار و زوڵم و زۆریی دەسەڵاتداران بە چەشنێکی گەلێک ڕاستبینانە وێنا دەکا و، هەوڵ و کاری بێپسانەوەی خەڵکی هەژار بۆ دابینکردنی بژیوی خۆیان، کاری سەخت و تاقەتپڕووکێنی شوانەکان لە گەرمێن و کوێستان، مەترسیی هێرشی چەتە، دز و جەردە و ڕەوەی گورگ بۆ سەر مێگەل، برسییەتی و ئاواتی خواردنی چێشتێکی گەرم و خۆش، نۆکەریی لە ماڵی مۆلاکانەکان و ملدان بە هەر چەشنە ئازار و بێڕێزییهك لە پێناو پارووه نانێکدا، هەروەها تامەزرۆیی خوێندن و خوێندەواربوون، کاری قورس، پاکی، ئازایی و بوێریی ژنانی کورد، دووڕوویی و فێڵەبازیی ئەوانەی لە پەرستگەکاندا کرنۆش بۆ خودا دەبەن و وێڕای بانگهێشتی خەڵک بۆ باشی و پاکی، لە هیچ چەشنه زوڵم و زۆر، دزی، درۆ، فێل و گزێکارییهك خۆ ناپارێزن، بە باشی شرۆڤە دەکا.
شیکردنەوەی جێژنەکان وەکوو “سەرپێز”، “بەرۆدان”، “بەران بەردان” و “خدر نەبی”، هەروەها یاریی شوانەکان، شێوەی ژیان و زهماوهندی گەنجەکان، کێشەی شیربایی، تایبەتمەندیی جل و بەرگی دەوڵەمەند و فەقیر لەکاتی جێژن و هتد خوێنەر دەباتە نێو قووڵایی ژیان و دابونەریتی ئەو سەردەمە. نووسەر کاتێک باسی بەشداریی خۆی وەکوو وەرگێڕ لە شەڕی یەکەمی جیهانی و ئیش و ئازار و نەهامەتییەکانی دەکا، بە گەیشتن بە چیای سیپان لە باکوری کوردستان، شکۆی ئەوین و خۆشەویستیی دوو دڵداری کورد – سیامەند و خەجێ لە بیر ناکا و بە چەشنێکی جوان و هەستیارانە خوێنەر بۆ جیهانی عیشق و خۆشەویستیی ڕاستەقینە و پهیمانی هەتاهەتایی ئەم دوو ئەویندارە دەبا.
هاوکات لەگەڵ دیتنی ئەو هەموو نەهامەتی، شەڕ، قاتی و قڕیی، زوڵم و زۆری چینایەتی و نەتەوەییە؛ تامەزرۆیی ئاشتی، ئازادی و بەختەوەری، شوانی کورد بەرەو تەنیا هێزی پێشکەوتووی سەردەمی خۆی واتە حیزبی بۆلشویکەکان دەبا، هێزێک كه مژدەی ژیانێکی بەختەوەرانە و دوور لە شەڕ و ستەمی چینایەتی و نەتەوایەتی بە خەڵک دەدا. ژیانی عەڕەبێ شەمۆ بە پەیوەستبوونی بە بۆلشویکەکان دەچێتە قۆناخێکی بەرزتر، بەڵام پڕ لە مەترسی و هەوراز و نشێو.
نووسەر لە درێژەی کتێبەکەدا باس لە شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧، سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی لە نێوان دوو بەرەی “سوور” و “سپی”، شکست هێنانی دژبەرانی شۆڕشی کرێکاری و پاشەکشە و ڕاکردنیان، هەروەها ململانێ و کۆڵنەدانی هێزی خۆڕاگریی کۆن وەکوو بەگو ئاغا و شێخ و داشناکەکانی پێشوو بەرامبەر بە نوێخوازەکانی بۆلشویک لە ڕەوتی ڕێکخستنی سیستمی تازەی سۆسیالیستی لە ناوچەی “ئالاگۆز” دەکا. شەمۆ بە زمانێکی ساکار بەڵام ڕوون و بەهێز هۆی هۆگری و پشتیوانیی خەڵکی هەژار لە بۆلشویکەکان لە بەستێنی ڕووداوەکان و وتووێژی خەڵکی هەژار و شۆڕشگێرەکاندا بە جوانی شرۆڤە دەکات. لەوە دەچێ ئێستا کە یەکیەتیی سۆڤییەتی و بەرەی هاوپهیمانی تووشی شکستێکی مێژوویی هاتوون، باس لە هۆگریی خەڵکی زەحمەتکێش و ڕەشوڕووت و فیداکاریی ئەوان لە پێناوی گەیشتن بە حکوومەتێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز سەیروسەمەره بێتە بەرچاو، بەڵام کاتێک خوێنەر پێبەپێی قارەمانی داستان بەرەو پیری ڕووداوەکان بچێ، ئەوکات بە پێست و ئێسکەوە هەست بە ئێش و ئازاری خەڵکی هەژار و، ئاواتیان بۆ وەدیهاتنی ویست و ئارەزووهکانیان لە چوارچێوەی حکوومەتی نوێی سۆسیالیستیی دەکا.
عەڕەب شامیلۆڤ لەم ڕۆمانە کورتەدا، لە شیکردنەوەی بارودۆخ و تایبەتمەندیی ژیانی کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی تورک و ڕووس گەلێک سەرکەوتوو بووە. عەڕەبێ شەمۆ نەک تەنیا بێژەری بەهێزی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی، بەڵکوو هاوکات ڕاگوێزەری سۆز، هەست، دلۆڤانی و ئەوینی ئەو کەسانەیە کە لە ڕەوتی مێژوودا لە لایەن چینی دەسەڵاتداری کۆمەڵگەوە سووکایەتی و زوڵم و زۆریان لێ کراوە و قەت بە هێند نەگیراون. شەمۆ دەنگی زوڵاڵ و ئازای چین و توێژی زەحمەتکێشی کوردە.
شیکردنەوە
١- ڕۆمانی “شوانی کورد” سێ بەش لە خۆ دەگرێ. بەشی یەکەم یاخود “شوانی کورد” بۆ هەوەڵ جار لە ساڵی ١٩٣١ی زایینی لە ٦٤ لاپەڕەدا بە زمانی ڕووسی لە لایەن یەکیەتیی دەوڵەتیی چاپی کتێب و گۆڤاری “مالادیا گاردیا” [گاردی جەوان] چاپ و بڵاو بۆتەوە. نووسین و بڵاوکردنەوەی بەشی سێهەم واتە “کوردەکانی ئالاگۆز” دەگەڕێتەوە ساڵی ١٩٣٦، بەڵام بۆ نووسەری ئەم دێڕانە کاتی نووسینی بەشی دووهەم کە ڕووداوەکانی پاش ساڵی ١٩١٧ و شەڕی نێوخۆیی هەتا گەڕانەوەی قارەمانی داستان بۆ زێدەکەی لە خۆ دەگرێ، ڕوون نیە. سەرجەمی ئەم سێ چیرۆکە درەنگتر، لە ژێر سەردێڕی “شوانی کورد” و وەرگێڕانی دووقۆڵی نووسەر و خاتون و. ئۆسترۆگۆرسکایا لە یەکیەتی سۆڤییەتی لیکدا- لێکدا چاپ و بڵاو بۆتەوە.
بە پێی بیرەوەرییەکانی “ئاماریکێ سەردار (٢٠١٨- ١٩٣٥)” دۆستی عەڕەبێ شەمۆ، نووسەری بەناوبانگی کوردی ئەرمەنستانی سۆڤییەت و، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “ڕێیا تازە” لە ساڵەکانی ٢٠٠٦-١٩٩١، ئەم کتێبە لە سەرەتادا “بە ڕووسی نووسراوە و دوای وەرگێڕانی لە لایەن واسیلی نیکیتین، کوردناسی بەناوبانگی ڕووس بە فەڕەنسهیی [١٩٤٦]، لە لایەن کوردەکانەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی” [نورەدین زازا – ساڵی ١٩٤٧]. وێڕای ڕاستبوونی ئەم زانیارییە، پێویستە ئاماژە بەم ڕاستییەش بکرێ، كه نوسخە کوردییەکەی شوانی کورد بە قەڵەمی عەڕەبێ شەمۆ بۆ هەوەڵ جار، ساڵی ١٩٣٥ لە “یەرێڤان“” چاپ و بڵاو بۆتەوە، بەڵام لەوە دەچێ بە هۆی وەدەستنەکەوتنی نوسخە کوردییەکەی عەڕەبێ شەمۆ، نورەدین زازا لە ساڵی ١٩٤٧ سەرجەمی کتێبەکەی لە ڕووی نوسخە فەڕهنسهییەکەی نیکیتینەوە وهرگێڕاوهتە سەر زمانی کوردی بە پیتی لاتین و، لە بەیرووت بە چاپی گەیاندووە. دەقی فەڕەنسهیی و کوردییەکەی “شوانی کورد” لە یەک جێدا بە هیممەتی ئەنستیتوی کورد لە پاریس، سەرلەنوێ لە ساڵی ١٩٨٩دا چاپ و بڵاوب ۆتەوە.
بەشێک لهو بڕوایەدان “شوانی کورد” لە ڕووی دەقە کوردییەکەیەوە کراوەتە ڕووسی، بەڵام بڵاوبوونەوەی نوسخەی ساڵی ١٩٣١ی ئەم کتێبە بە زمانی ڕووسی لە سەر تۆڕی ئینتێرنێت و سایتە کوردییەکانی یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشووش وەکوو ڕێیا تازە، هەروەها چاپی یەکەمی دەقە کوردییەکەی لە ساڵی ١٩٣٥، ناکۆکیی لەگەڵ ئەم لێکدانهوه و بۆچوونە هەیە. بەپێی ئەم فاکتانە، زۆرتر وێدەچێ عەڕەبێ شەمۆ بۆخۆی “شوانی کورد”ی واتە بەشی هەوەڵی کتێبەکەی بە ڕووسی و کوردی نووسیبێ. لە سەربەرگ و لاپەڕەی دووهەمی “شوانی کورد” بە ڕووسی تەنیا ناوی نووسەر و “سارا شۆر” وێنەکێشی بەرگ و نێو کتێبەکە، هەروەها ڕداکتۆرەکان دەبینرێ.
٢- ئەم کتێبە لە ڕووی نوسخەی ڕووسیی چاپ کراوەی دەزگای دەوڵەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵان سەر بە وەزارتی ڕۆشنبیریی کۆماری فێدراتیڤی ڕووسییەی یەکیەتیی سۆڤییەت لە مۆسکۆ – ١٩٦٠، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و، گەلێک جیاوازیی لەگەڵ نوسخە ڕووسییەکەی ساڵی ١٩٣١، هەروەها وەرگێردراوەکانی نیکیتین و نورەددین زازا هەیە. بۆ وێنە شەش بەشی: “نامەیەک لە ئەمریکاوە”، “ئیۆن ئیمیلیانۆویچ سکازکین”، “ژنە خاوەنکارەکان ئەرکی خۆیان …”، “کوورەی تازەو شەڵواری پیر هەباس”، “فرمێسکی دایک”و، “لای سێرگی میرۆویچ کیرۆڤ” تایبەت بەم کتێبەن و، لە نوسخە ناوبراوەکاندا وەبەر چاو ناکەون. لە لایەکی دیکەوە، شێوەی داڕشتنی ڕستە و کەم و زۆریی بەشە هاوبەشەکانی ئەم کتێبانەش تەبایی دەقاودەقیان لەگەڵ یەک نییە. نووسەر زۆرجار وێڕای پێداچوونەوە، ئاڵو گۆڕی لە کتێبەکە کردوەو، بەشگەلێکی کەم یان زیاد کردون.
٣- لە زۆربەی شوێنەکاندا وەرگێڕ بۆ ئاگاداریی و ڕوونکردنەوەی خوێنەر، هەوڵی داوە چەمک، شوێن، کەسایەتی، حیزب و بابەتگەلی نامۆ شی بکاتەوە. بەرامبەر شیکردنەوەکانی عەڕەبی شەمۆ لە پەراوێزەکاندا وشەی “نووسەر” هاتووە.
***
– ئەم بەرهەمە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەحمەدی خانی لە سۆران لەچاپ دراوە.