هاونیشتمانییەکی خەڵکی مهاباد دوای شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سیاسییەوە، چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (چاونیوز)، ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی خەڵکی مهاباد بەناوی “سیرووس مەولوودی” کوڕی ئیسماعیل، لەکاتێکدا لە سەفەر بووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سیاسیی دەگیرێ و بۆ گرتنگەیەکی ئەو دامەزراوەیە لە “شیراز” دەگوازرێتەوە.
لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاندووە: سیرووس مەولوودی سەربە هیچ حیزبێکی سیاسی نەبووە بەڵام ئۆگری بە چارەنووسی نەتەوەکەی هەبووە و وەک لاوێکی ئاسایی ژیانی خۆی دەکرد.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری بنەماڵەکەیەوە ڕایگەیاند: باوکی سیرووس وێڕای پارێزەرێک بەدوای چارەنووسی کوڕەکەی دەکەوێت کە دوای پێنج ڕۆژ بە تەلەفۆن پێی ڕادەگەیێنن: “سیرووس” لە گرتنگەیەکی شاری شیرزا دەسبەسەر کراوە و پەروەندەکەشی تایبەتی بە بەشی“سیاسییە” و هەرکەسێکیش بەدوای کارەکانی بکەوێت ئەویش دەگیرێ.
هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاونیشتمانییە لاوە ڕوون نەبووەتەوە.