بۆڵتۆن دەڵی: ئەو فایلە دەنگییەی محەممەد جەواد زەریف کە بڵاو بووەتەوە، ئەوە دەخاتەڕوو کە، بۆچی پێویستە بایدێن ماڵاوایی لە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ بەرجام بکا.
جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە سەرەتاکانی ٢٠١٨ی زایینی تا ساڵی ٢٠١٩، لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست” نووسویەتی: داوای لێبوردنی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕاست و دروستی ئەو فایلە دەنگییەی ناوبراو کە حەوتووی ڕابردوو بڵاو بۆوە، دەردەخا.
جان بۆڵتۆن دەڵێ: دانپێدانانی زەریف لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی “مێژووی زارەکی” لە کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی ئێراندا، ئەوە ئاشکرا دەکا کە بۆچی “جۆ بایدێن” دەبێ واز لە گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنێ؛ لە ڕێژیمی ئێراندا نە دانوستان، نە ئەوەی بەرپرسانی ئەو رێژیمە باسی لێوە دەکەن گرینگیی هەیە، ئەوە سپای پاسدارانە کە لەژێر دەستووری “خامنەیی” بەشێوەی بەربڵاو بەرنامەی شەڕی ناوکیی، مووشەکی بالستیک، فەرماندەیی دەکا و چالاکییە تێکدەرەیی و تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە جیهاندا کۆنتڕۆڵ دەکا.