زیاتر لە ١٥٠ کەس لە بەرپرسانی پێشووی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارناسانی مافی مرۆڤ، لە نامەیەکی سەر ئاواڵادا داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بۆ پێڕاگەیشتن بە لەسێدارەدانی بەربڵاوی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاویدا لە ئێران، کۆمیتەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی نێونەتەوەیی پێکبهێنن.
لەو نامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەڕێوەبەران و بڕیاردەرانی ئەو جینایەتانە بە شێوەی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پارێزراون و بەشێک لە بەرپرسان و ئەنجامدەرانی ئەو ئێعدامانە لە ئێستادا لە کۆماری ئیسلامی لە پۆستی باڵای قەزایی و دەوڵەتیدا کار دەکەن.
ئێمە داوامان لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە، بە پێکهێنانی کۆمیتەیەک سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان و بێسەروشوێنکردنی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کۆتایی بە فەرهەنگی پاراستنی تاوانباران بە شێوەی سیستماتیک لە ئێراندا بهێنن و پشتیوانی لەو کۆمیتەیە بکەن.
لە درێژەی ئەو نامەیەدا ئاماژە بە ناوی هێندیک لەو کەسانەی کە لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا دەستیان بووە، کراوە کە ئێستا بەرپرسایەتیی قەزاییان هەیە؛ بۆ نموونە “سەید عەلیڕەزا ئاوایی” کە ئێستا وەزیری دادی ڕێژیمە.
سەرۆکوەزیری پێشووی کانادا، کۆمیساریای باڵای پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگری پێشووی ئەو ڕێکخراویە لە واژۆکەرانی ئەو نامەیەن.
ئەو نامەیە لەلایەن بەرپرسانی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارناسانی مافی مرۆڤ لە کاتێکدا پێشکەشی ئەو ڕێکخراویە کراوە، کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێ گۆڕستانی خاوەران کە شوێنی ناشتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی لە سێدارە دروا لە ساڵی ٦٧ی هەتاویدا بووە، لەنێوبەرن و ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی لێکەوتۆتەوە.