سپای پاسداران لە ناردنی جاشەکانی کوردستان بۆ شەڕی سووریەو بە کوشتدانی ئەوان بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد لە پیرانشار سپای پاسدارانی ئەو شارە زیاتر لە ٤٠ جاشی ئەو شارەیان بەڕێی سووریە بۆ شەڕ لە دژی دژبەرانی بەشار ئەسەد ناردوە.
سەرچاوەیەکی زانیاری لە نێو جاشەکانی پیرانشار دەڵێ بەشی هەرە زۆری ئەو جاشانە بە زۆرەملێ ناچار ملدان بۆ ئەو بڕیارە کراونو پێیان ڕاگەیەندراوە لە ئەگەری لاری لەو بڕیارە لە سپا دەردەکرێنو لە ئیمکاناتو پێڕاگەیشتنەکانی سپا بێبەش دەکرێن.
بەڕێکردنی ئەو کۆمەڵە جاشەی پیرانشار بۆ بەرەکانی شەڕ لە سووریە لە حاڵێک دایە کە لە نێوەڕاستەکانی مانگی بەفرانباریشدا نیزیک بە ٢٠٠ جاشی ناوچەی مەهاباد کە زیاتر لە ٣٠ کەسیان لە جاشە بەدناوەکانی مەنگوڕ بوونن، بۆ شەڕی سووریە بەڕێ کران.
بەرێکردنی هێزی چەکداری رێژیم بۆ شەڕی سووریە لە حاڵێک دایە کە لەو ماوەیەدا ژمارەی کوژراوەکانی رێژیم هەردێو زیاد دەکا.
ئێران کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هەم لە ڕووی ماڵیو هەم لە ڕووی هێزی ئینسانییەوە پشتی رێژیمی سووریەی گرتوەو، سپای قودسی بەڕێی ئەو وڵاتە کردوە؛ لە دوای دەستپێکی عەمەلیاتی بەناو موحەرەم لە سووریە لە چەند مانگی ڕابردوودا، جەنازەی زیاتر لە ٢٥٠ کەسی بۆ هاتۆتەوە.
هەواڵدەریی ئیڕنا، هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیش هاوینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا جەنازەی زیاتر لە ٤٠٠ کوژراوی سپای پاسدرانیان بۆ هاتۆتەوە کە ئەوان بە پارێزەرانی شوێنە پیرۆزەکانی سووریە ناویان دەبەن.