بلینکێن: خامنەیی چارەنووسی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا دیاری دەکا
ئانتۆنی بلینکێن دەڵێ: لە ئێراندا بڕیاردەری سەرەکیی خامنەییە و چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا خامنەیی دیاری دەکا.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری” فاینێنشاڵ تایمز” وتی: نامهەوێ لەسەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا و دەرهاویشتەکانی لەسەر وتووێژە ناوکییەکان قسە بکەم، بەڵام ئەوەیکە لای هەموو کەسێک ڕوون وئاشکرایە ئەوەیە کە خامنەیی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئێراندا گرتووە و بڕیاردەری سەرەکیی لەسەر ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری داهاتوو لە ئێراندا خامنەیی دەورێکی یەکلایکەرەوە دەبینێ.
بلینکێن لە درێژەی وتووێژەکەیدا لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ویەن و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ناوکیی وتی: هێندێک پێشکەوتنمان بە خۆمانەوە بینیوە، بەڵام تا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشدایە.
ناوبراو هەروەها وتی: لە ئێستادا هەموو بڕیارێک بە دەستی ئێرانە و دەبێ بزانین کە دەیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی یان نا.