ڕێژیمی ئێران: لانەچوونی گەمارۆکان بە مانای کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانە
لەدرێژەی هەوڵەکانی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، تاران رایگەیاند کە ئەگەر گەمارۆکانی سەر ئێران لانەچێ، ناگەڕێتەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ویەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” پرێس تیڤی” ، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە لانەبردنی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە کە لە کاتی سەرۆککۆماریی دوناڵد ترامپدا بەسەر ئێراندا سەپاوە، کۆتایی بە وتووێژە ناوکییەکانی ویەن دێنێ.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێ هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لابچێ و ئەمریکا پێبەندبێ بە خاڵی ٢٩ی ڕێککەوتنی ناوکییەوە.
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن: ئەو گەمارۆگەلەی بە ناوی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا و لە رێگای یاسای” کاتسا” و یاسای گەمارۆکانی سەر ئێران”‘ئیسا” و هەروەها گەمارۆ خستنە سەر بەرپرسانی ئێرانی هەموو دژی خاڵی ٢٩ی ڕێککەوتنی ناوکییە و دەبێ هەڵبوەشێتەوە.